سەردێر

پلاسخارت: لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەنگی عیراقییەكان دەبیسترێت

خەڵك

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق، لە پەیامێكدا لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە ڕایگەیاند، كە عیراقییەكان، دەرفەتی ئەوەیان هەیە، دەنگیان ببیسترێت.
جينین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق بڵاوكراوەتەوە وتی: “لە تشرینی یەكەمی 2019دا، ژمارەیەكی زۆر لە عیراقییەكان ڕژانە سەر شەقامەكان و دژبە خراپی دۆخی ئابووریی، كۆمەڵایەتی سیاسی، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا”.

وتیشی: “دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە خۆپیشاندانەكانی عیراق، ئێستا یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران بەدیهاتووە، ئەوەیش هەڵبژاردنەكانی پێشوەختە كە مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت”.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق، لە پەیامەكەیدا بۆ عیراقییەكان ڕاشیگەیاند: “لە كاتی چوونتان بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان، دەرفەتی ئەوەتان هەیە، دەنگی ئێوە ببسترێت و لە هەر هەنگاوێك كە دەینێن، نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەردەوام پاڵپشتان دەبێت”.

بڕیارە هەڵبژاردنەكانی پێشوەختە لە عیراق لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و سێ هەزار و 249 كەس كە نوێنەرایەتی 21 هاوپەیمانیی و 109 پارت دەكەن لە 83 بازانەی هەڵبژاردندا، خۆیان كاندیدكردووە بۆ كێبڕكێكردن لەسەر 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.