سەردێر

وەزارەتی كارەبای عیراق: ئاستی پێوانەییمان لە بەرهەمهێنانی كارەبادا تۆماركراوە

خەڵك

وەزارەتی كارەبای عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەئێستادا بەرھەمھێنانی كارەبا گەیشتووەتە 21 ھەزار و 145 مێگاوات و ئەوەش بە تۆماركردنی ئاستێكی پێوانەیی ناوبردووە.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ڕایگەیاند، وەزارەتی كارەبا ھەوڵدەدات پارێزگاری لەم ئاستەی بەرھەمھێنانی كارەبا بكات كە گەیشتووەتە 21 ھەزار و 145 مێگاوات كە ئەو ژمارەیە لە ساڵانی ڕابردوودا تۆمار نەكراوە و وتی: “پلانمان ھەیە بۆ كەمكردنەوەی گوشاری سەر ھێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا، ئەوەیش لە میانی ڕاكێشانی ھێلی نوێی گواستنەوەی كارەبا”.

ئەحمەد موسا باسی لەوەشكردووە، كە ژمارەیەك پڕۆژەی گەورە بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا جێبەجێ دەكرێن و وتی: “ژمارەیەك پڕۆژەی ڕاكێشانی گواستنەوەی كارەبا بەڕێژەی 70٪ تەواوبوون”.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی كارەبا وێڕای ئاستەنگ و ئاڵنگاری گەورە، كاری گەورەی ئەنجامداوە بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا و ڕوونیكردەوە: “لە ساڵی داھاتوودا، شەش ھەزار بۆ حەوت هەزار مێگاواتی كارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانیی زیاد دەكرێت”.