سەردێر

عیراق، ئەمڕۆش هەرێم زۆرترین تووشبوون و مردنی بە كۆرۆنا تۆماركرد

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت 8778 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 10477 كەسیش چاكبوونەتەوە، 75 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 42 هەزار و 223 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 8778 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و سلێمانی و بەسرە تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 2066 و لە سلێمانی 1075 و لە بەسرە 736 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە” لە هەولێر 552 و لە دهۆك 562 و لە كەركوك 312 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 10477 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا وواست و بەسرە و دهۆك بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 75 كەس بەهۆی پەتاكەوە 20 حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.