سەردێر

عیراق و هەرێم، ژمارەیەكی پێوانەیی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا

دۆخەكە مەترسیدارە

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 13515 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 8217 كەسیش چاكبوونەتەوە، 66 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 57 هەزار و 971 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 13515 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە بەرزترین ژمارەی تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت لەو دەمەی كۆرۆنا لە عیراقدا بڵاوبۆتەوە و بە هاتنبەری دۆخێكی تەندروستی مەترسیداریش لێكدانەوەی بۆ دەكرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و دهۆك و بەسرە تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 3271 لە دهۆك 1517 و لە بەسرە 1179 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە سلێمانی 1146 حاڵەت و لە هەولێر 805 حاڵەت و لە كەركوك 257 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 8217 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و دهۆك بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 60 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 13 حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.