سەردێر

لە عیراق قەدەغەكردنی هاتووچۆ ڕادەگەیەنرێت؟

ژمارەیەكی پێوانەیی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك-
عەبدولخالق میدحەت، ئەندامی شانەی قەیران لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی تووشبوون بە كۆرۆنا لەمڕۆدا، چەند هەفتەیەكە پێشبینی كراوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە، عەبدولخالق میدحەت لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بۆ سەرو 12 هەزار كەس لە یەك ڕۆژدا، بۆ چەند هەفتەیەكە چاوەڕوانكراوە لە عیراق، بە تایبەت لە دوای جەژنی قوربان، لە سایەی گردبوونەوەی زۆری هاووڵاتیان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر هۆشداریی دراوە”.

ئەو ئەندامەی شانەی قەیرانی پەرلەمانی عیراق، پێشبینی كرد لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەی تووشبوون ئاستی پێوانەیی تۆماربكات، گەر پابەندبونێكی ڕاستەقینە نەبێت و لەو بارەیەشەوە وتی”پەتاكە لەئێستادا هەڕەشە لە عیراق دەكات،سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆش بەسەرچووە و ناكرێت ببێتە چارەسەر لە سایەی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان، بۆیە ئاستی تووشبوون هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە”.

بە وتەی میدحەت”عیراق لەئێستادا لە ترۆپكی شەپولی سێیەمدایە و تاكە چارەسەریش وەرگرتنی ڤاكسین و دووركەوتنەوەیە لە گردبوونەوە و بەستنی دەمامكە، بەپێچەوانەوە بە ساتە قورسەكاندا تێدەپەڕین”.

ئەمڕۆ دوو شەممە، وەزارەتی تەندروستی عیراق، تۆماركردنی 12180 حاڵەتی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و 60 حاڵەتی مردنی بە پەتاكە لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا ڕاگەیاند.