سەردێر

عیراق و هەرێم، بەرزترین ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 12180 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 9966 كەسیش چاكبوونەتەوە، 60 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 50 هەزار و 880 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 12180 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە بەرزترین ژمارەی تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت لەو دەمەی كۆرۆنا لە عیراقدا بڵاوبۆتەوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و دهۆك و بەسرە تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 2684 لە دهۆك 1564 و لە بەسرە 1146 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە سلێمانی 1024 حاڵەت و لە هەولێر 971 حاڵەت و لە كەركوك 215 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 9966 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە واست و بەغدا و زیقار بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 60 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 13 حاڵەتیان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.