سەردێر

ئەمریكا هێزە شەڕكەرەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

 

خەڵك-
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویكردەوە، گەورە بەرپرسانی عیراقی و ئەمریكایی پلان بۆ دەركردنی بەیاننامەیەك دادەنێن كە داوا دەكات هێزە ئەمریكاییە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عیراق لە كۆتایی ئەمساڵدا پاشیەكشە بكەن.


وەك رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسانی عیراقی و ئەمریكاییەوە ئاماژەی پێكردووە، بەیاننامەیە بەبۆنەی سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقە بۆ واشنتۆن لە ڕۆژی دوو شەممە كە تێیدا چاوی بە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دەكەوێت.

بەرپرسانی پێشو و ئێستای ئەمریكا دەڵێن، ئامانج لەو بەیاننامەیە، سوككردنی گوشارەكانی سەر سەرۆك وەزیرانی عیراقە كە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە دەكرێتە سەری و دەیانەوێت هەموو هێزە ئەمریكاییەكان كە ژمارەیان 2500 سەربازە پاشەكشە بكەن، لە هەمان كاندا لە بەیاننامەكەدا خواستی ئەمریكایی بۆ پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەخرێتەڕوو.

بە وتەی یەكێك لە بەرپرسە ئەمریكاییەكان، واشنتن پلانی هەیە لە بەیاننامەكەدا مەرجى گۆڕینی ڕۆڵی هەندێك لە هێزە ئەمریكاییەكان لە عیراق دابنێت، نەك كەمكردنەوەی ژمارەیان.