سەردێر

عیراق.. لێخۆشبوونی تایبەت بۆ بەشێك لە زیندانیكراوان دەردەكرێت

خەڵك

ڕۆژنامەی سەباح بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەئامادەبونی سالار عەبدولستار محەمەد وەزیری داد سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە دۆخی زیندانییەكان و باشتركردنی دۆخی زیندانی و چاكسازییەكان كردووە.

(ڕۆژنامەی سەباح)ی نیمچە فەرمی عیراقی بڵاویكردەوە، لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە ڕێكاری بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ دەرچوونی لێخۆشبوونی تایبەت بۆ ژمارەیەك زیندانیكراو لە نەوجەوانان و ژنان.

ڕۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشتر دەسەڵاتی دادوەری عیراق ڕایگەیاندبوو، هەرچەندە دادگاكانی وڵات بەبێ بوونی بەڵگە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر هاووڵاتیان ناگرنەبەر و بەشێوەیەكی بێلایەنیش پڕۆسەی دادگایی بەڕێوەدەبەن، لە هەمانكاتیشدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا پرسی پەلەكردن لە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ڕاگیراوان تاووتوێ دەكەن.