سەردێر

سەرۆك كۆماری عیراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی سوریا ئەنجامدا

خەڵك

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق ئەمڕو پێنجشەممە 15 ی تەمووزی 2021 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا ئەنجامدا و تێیدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ، كە پەیوەندیی مێژوویی و جوگرافی و كۆمەڵایەتی نزیكن، هەروەها باس لە ئاڵنگارییە هاوبەشەكان كرا، بەتایبەتی شەڕی دژ بە تیرۆر.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە درێژەی گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەدا، جەختیكرایەوە لەگرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی ئەنجامدانی كاری پێكەوەیی لە بەرامبەر مەترسییە هاوبەشەكان، بەتایبەتی تیرۆر و ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی تیرۆر كە دەیانەوێت سەقامگیری و ئاسایشی هەردوو وڵات و ناوچەكە بشێوێنن.

ئەوەش خرایە ڕوو، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئەوەش دووپاتیكرایەوە لە ڕێگەنەدان بە گروپە تیرۆریستییەكان تا بۆشاییە ئەمنییەكان بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی كارە تاوانكارییەكانیان، چونكە هەردوو گەلی عیراق و سوریا بەدەست تاوانە قێزەونەكانی تیرۆریستان ناڵاندویانە.