سەردێر

داوا دەكرێت كازمی وەزارەتی كارەبا بەڕێوەببات

خەڵك-
هاوپەیمانی سائیرون، داوا لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكات، بۆخۆی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ وەزارەتی كارەبا بەڕێوەببات.

سادق سڵێتی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”لەگەڵ بەردەوامی چارەسەرە نەزۆكەكان بۆ تەنگژەی كارەبا كە ڕووبەڕووی گەلی عیراق دەبێتەوە، داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ وەزارەتی كارەبا بەڕێوەببات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە داڕمانی سیستمی كارەبا بەردەوامە و حاڵەتەكانی بڕان ڕوویان لە زیادبوون كردووە و وێستگەكانی بەرهەمهێنانیش لە ناوچەی باشوور لەگەڕ كەوتوون و توانای بەرهەمهێنان لە 19000 مێگاواتەوە بۆ 11000 مێگاوات دابەزیوە”.

بە وتەی سڵێتی”ئاڵەنگارییە گەورەكان لەڕووی كەمبوونەیوەی پشكی غازی ئامادەكراو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بۆ سێ‌ یەكى بڕی پێویست و سفركردنەوەی بارگرانی لەسەر هێڵەكانی وزەی كارەبای هاوردەكراو لە ئێرانەوە بۆ نزیكەی 1000 مێگاوات و بەئامانجگرتنی یەك لەدوا یەكی تاوەرەكانی كارەبا و وێستگەكان لە ژمارەیەك لە پارێزگاكان، كاریگەریی نەرێنییان لەسەر پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا هەبووە و هێندەی تر بارگرانی سەر شانی هاووڵاتیانی زیادكردووە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی وەزیرەكانی كارەبتا و نەوت و دارایی و ناوخۆ، بۆیە پێویستە سەرۆك وەزیران بەر لەوەی كار لەكاربترازێت، ڕەوشەكە چارەسەر بكات”.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ماجد مەهدی حەنتوش وەزیری كارەبای پەسەندكرد كە بەهۆی خراپی ڕەوشی كارەبا و ناڕەزاییەكانی هاووڵاتیانەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردبوو.