سەردێر

ڕاگەیەنراوی كۆتایی لوتكەی عیراق، میسر و ئوردن بڵاوكرایەوە

خەڵك

لوتكەی عیراق، میسر و ئوردن لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە ڕاگەیەنراوێكیشدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە خراوەتەڕوو، كەتیایدا هاتووە قاهیرە و عەممان پشتیوانی لە هەوڵەكانی بەغدا دەكەن بۆ جێگیركردنی سەقامگیری لە ناوچەكە و ئەنجامدانی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.


بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆتایی لوتكەی عیراق، میسر و ئوردن، كە بە بەشداری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر و شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن بەڕێوەچوو، هەر یەك لە قاهیرە و عەممان پێزانینیان هەبو بۆ هەوڵە دیپلۆماتییەكانی حكومەتی عیراق لەجێگیركردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە و هەوڵەكانی لەنزیك كردنەوەی بۆچونە جیاوازەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی ناوچەكە، هەروەها پشتیوانی خۆشیان بۆ بەغدا دوپاتكردەوە لە هەوڵەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كە “میسر و ئوردن هەوڵەكانی حكومەتی عیراقیان بەگرنگزانی لەئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازی و چاكسازی دارایی كەبەهۆیەوە عیراق توانی بەرەنگاری قەیرانی دارایی لەئەنجامی دابەزینی نەوت و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ببێتەوە و جارێكی تر پڕۆسەی گەشەپێدانی دەستپێكردەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ئامادەكارییەكانی حكومەت بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختی عیراق دەربڕی و هیوای سەركەوتنی پڕۆسەكەیان خواست، بەجۆرێك هاووڵاتیانی عیراق بتوانن بە شەفافیەت و ململانێیەكی دادپەروەرانە نوێنەرانی خۆیان دیاری بكەن”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە: “عیراق و ئوردن پشتیوانی هەڵوێستەكانی میسر دەكەن لەبەرامبەر بەنداوی نەهزە و گەرەنتیكردنی پشكی قاهیرە لەئاوی ڕووباری نیل، هەروەها لەپرسی فەڵەستیندا هەرسێ وڵات بەپێویستی دەزانن لە هەموو پڕۆسەیەكی گشتگیردا ڕەچاوی مافی بەدەوڵەتبوونی فەڵەستین بەگوێرەی سنوورەكانی ساڵی 1967 بكرێت و ئیسرائیلیش هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەی جولەكەنشین لەسەر خاكی فەڵەستین ڕابگرێت، هەروەها هەوڵەكانی ئوردن بەرزدەنرخێنن بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و حكومەتی ئیسرائیل.