سەردێر

عیراق و هەرێم، ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا 6 هەزاری تێپەڕاند

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 6003 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 5039 كەسیش چاكبوونەتەوە، 25 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 49 هەزارو 265 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 6003 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و زیقار تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1527 لە بەسرە 961 و لە واست 439 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە سلێمانی 269 حاڵەت و لە هەولێر 120 حاڵەت و لە دهۆك 233 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 5039 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و زیقار و سلێمانی بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 25 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 4 حاڵەتیان لە سلێمانی و 2 حاڵەت لە هەولێر و 1 حاڵەت لە دهۆك تۆماركراون.