سەردێر

عەمار حەكیم: هەڵبژاردن دواناخرێت

خەڵك
سەرۆكی هاوپەیمانیی عیراقیوون ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە بڕیارە لە 10 ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی 2005 مەترسیدارترە.

عەمار حەكیم كە هاوكات سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانییە لە عیراق، لە دیداری دیوانی بەغدا بۆ دەستەبژێری سیاسی و كۆمەڵایەتی كە ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: “هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەڵبژاردنی 2005 مەترسیدارترە، چونكە هەڵبژاردنی 2005 كاری بۆ دامەزراندنی دیموكراسی كرد، بەڵام هەڵبژاردنی داهاتوو كار بۆ جێگیركردنی ئەو دیموكراسییە و ئامادەكاری بۆ قۆناغێكی نوێ دەكات، هەروەها دۆخی لایەنە سیاسییەكان و متمانەی هاووڵاتیان بەوان لە 2005 فاكتەرێكی گرنگ بوون؛ ئەوەش لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەگۆڕێت.”

عەمار حەكیم وتیشی، “سەردانەكەی پاپا و گفتوگۆكان كە لە عیراق هەن لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی ناوچەكە ئاماژەن كە عیراق پێگەی خۆی لە ئاستی ناوچەكە و ئاستی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوەتەوە؛ واتە ناوچەكە قۆناغی گومان و دڵەڕاوكێی بەرامبەر دۆخی عیراق تێپەڕاند، بۆ جێگیركردنی ئەوەش بەندە بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، یان سەقامگیری و كەڵەكەبوونی ئەرێنییەكان و ڕۆیشتنی عیراق بەرەو گەشەكردن یاخود ڕووبەڕووبوونەوەی سیناریۆ نوێیەكانی توندوتیژی و گرژی.”

لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن، سەرۆكی هاوپەیمانیی عیراقیوون ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەڵبژاردن دواناخرێت؛ ئەوەشی لەو بارەوە باس دەكرێت تەنیا هیوایە، پێمان وایە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن كارێكی هەڵەیە، هاوكات پێویستە چاودێریی نێودەوڵەتی لەسەر هەڵبژاردن هەبێت، ئەوەش بەهۆی دابەشبوونی كۆمەڵگە و كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن، بەڵام دەبێ ئەو چاودێرییە سەروەریی عیراق پێشێل نەكات.”

ئەمەش لەكاتێكدایە، بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 دا بەڕێوەبچێت.