سەردێر

گەڕانەوەی خێزان و كەسوكاریی داعشەكان بۆ عیراق هەرادەنێتەوە

خەڵك-
گێڕانەوەی خێزان و كەسوكاریی چەكدارانی ڕێكخراوی داعش بۆ عیراق هەرادەنێتەوە و پەرلەمانتارێكیش پێیوایە، دۆسێی كەمپی ئەلهول پرسێكە لەدەرەوەی ڕێكارەكانی دەوڵەتی عیراقی بەڕێوەچووە.

عەلی بدێری ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”هەموو هێزە سیاسییەكان نیگەرانن لە گەڕانەوەی خێزان و كەسوكاریی چەكدارانی داعش لە كەمپی ئەلهلول لە سوریا بۆ كەمپی جەدعە لە خۆرئاوای موسڵ، ئەو پرسە لە دەرەوەی ڕێكارەكانی دەوڵەتی عیراقی بەڕێوەچووە و نیشانەیەكی سەرسوڕمانی زۆری لەسەرە كە پێوستە بەغدا ڕونكردنەوەیان لەبارەوە بدات”.

بە وتەی بدێری”ترسەكە لە دۆسێی خێزان و كەسوكاریی داعشەكانی كەمپی ئەلهول، قەبارەی ئەو ڕق و كینەیەيە كە هەڵیانگرتووە و سەرچاوەكەی ئەو بیرە توندڕەوەیە كە لە عەقڵیاندا چێنراوە، بۆیە ئەو هەنگاوە هەر كاریگەرییەكی نەرێنی دروست بكات، بەرپرسیارێتییەكەی بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی حكومەتە، چونكە حكومەت فەرمانی بەگەڕانەوەی ئەوانە داوە، وێڕای زۆرێك لەو هۆشدارییانەی ئاماژەیان بە مەترسی هەنگاوەكە كردووە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عیراق”.

وێڕای ڕەتكردنەوەیەكی میللی و سیاسی بەرفراوان، لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 90 خێزانی چەكدارانی داعش لە كەمپی ئەلهولەوە لە سوریاوە، گوازرانەوە بۆ كەمپی جەدعە لە نزیك موسڵ.