سەردێر

ئەمریكا خەڵاتێكی 3 ملیۆن دۆلاری لە عیراقدا ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، تەرخانكردنی خەڵاتێك بە بڕی 3 ملیۆن دۆلار ڕادەگەیەنێت بۆ ئەو كەسانەی زانیاریی دەدەن لەبارەی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا لە عیراق.


ئەكاونتی “خەڵات لەپێناو دادپەروەریی” سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕەی كۆمەڵایەتی (تویتەر)، داوای لە عیراقییەكان كرد، زانیاریی لەبارەی ئەو “تیرۆریستانە”وە بدەن كە هێرشەكان ئەنجام دەدەن و لەنێو مەدەنییەكاندا خۆیان حەشاردەدەن.

لە تویتەكەدا هاتووە”واشنتن خەڵاتێكی بە بڕی 3 ملیۆن دۆلار بۆ ئەوانە تەرخان كردووە كە زانیاریی لەبارەی ئەو هێرشانەوە دەدەن كە پیلانی ئەنجامدانیان بۆ دانراوە لەدژی دامەزراوە دیپلۆماسییە ئەمریكاییەكان”، داواشی كردووە، لەڕێی واتساپ یان تیلگیرام یان سنگالەوە نامەیان بۆ بنێرن.

ئەم بانگەشەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، دوای هێرشەكەی دوێنێ‌ شەوی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدايە كە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجامدرا و سەربازەكانی ئەمریكای كردە ئامانج.

لای خۆیەوە عەقید واین مارتۆ، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی “عەزمی پتەو”ی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاند”هەر هێرشێك بكرێتە سەر حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عیراق و هاوپەیمانان، لە دەسەڵاتی دامەزراوەكانی عیراق و سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانی عیراق كەمدەكاتەوە”.