سەردێر

عیراق.. سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوە

خەڵك

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٥/١٨ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبووەوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆمار، لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لە پێویستی پارێزگاریكردن لە ئارامی وڵات و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەكان بۆ جێبەجێكردنی یاسا و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و گرنگی ڕاوەدونانی پاشماوەی تیرۆریستان كە مەرامیانە ئاسایش و سەقامگیری چەند ناوچەیەك بشێوێنن، هەروەها پێویستی دابینكردنی پشتیوانی تەواو لە هێزە ئەمنییەكان بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە بۆ ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ھەردوو سەرۆك گفتوگۆیانكرد دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەخەتی ئەنجومەنی نوێنەران و جەختكرایەوە لە پێویستی ڕەخساندنی كەشێكی لەبار و گونجاو و پشتیوانی و دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكان بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە و گرتنەبەری باشترین ڕێوشوێنەكان بۆ ڕێگریكردن لە ساختەكاری و فرتوفێڵ و هەموو ئەو هۆكارانەی دەبنە ھۆی ئەوەی كاریگەری لەسەر خواستی دەنگدەران دروست بكات لە هەڵبژاردنی نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵك، ھەروەھا تا دەرهاویشتەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردن ببێتە مایەیی ھێنانەكایەوەی خواستی ئازادانەی خەڵك.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، پێشھاتەكانی دۆخی فەلەستین و ئەو پێشێلكاری و دەستدرێژییە نامرۆڤانەی كە گەلی فەلەستین ڕووبەڕووی دەبێتەوە تاووتوێ كرا و جەختیكرایەوە لە هەڵوێستی نەگۆڕ و پشتیوانی عیراق بۆ دۆزی فەلەستین و ھێنانەدی داواكاری و مافە ڕەواكانی گەلی فەلەستین و ڕاگرتنی دەستدرێژییەكان لە قودس و كەرتی غەزە و تەواوی ناوچەكانی فەلەستین و پێویستی ئەنجامدانی كاری جددی هاوبەش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە پێناو ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو پێشێلكارییانەی كە ھاووڵاتیانی سڤیل ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ڕاگرتنی دەستدرێژی و دوژمنكارییەكان و پاراستنی ھاووڵاتیان.