سەردێر

داوا دەكرێت بە شێوازیی ئابوری بەرپەرچی توركیا بدرێتەوە

خەڵًك-
ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عیراق، بەپێویستی دەزانێت بە هێزێكی ڕاستەقینە و ئیرادەیەكی نیشتمانی وەڵامی دەستدرێژییەكانی توركیا بدرێتەوە.

عامر فایز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”جەنگی ئابوری بە یەكێك لەو جەنگانە دادەنرێت كە هەموو وڵاتانی جیهان لێیدەترسن، هیچ شتێك بەر بە توركیا ناگرێت جگە لە بایكۆتی ئابوری كە زۆر كاریگەریی لەسەر دروست دەكات و ناچاری دەكات بەزووترین كات لە خاكی عیراق بچێتەدەرەوە”.

بە وتەی فایز”حكومەت زۆر كەمترەخەمە لەو بوارەدا و دەستوەردانی توركیاى لە خاكی عیراقدا پشتگوێخستووە، پێویستە بەشێوەیەكی فەرمی سنورێك بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنرێت”.

ئەندامەكەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عیراق پێیوایە”ئەو بێدەنگییە ڕەنگە توركیا زیاتر هانبدات بۆ دەستوەردان لە كاروباری عیراق، بۆیە پێویستە عیراق پەنا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ببات و سكاڵا لەدژی ئەنقەرە بەرزبكاتەوە”.