سەردێر

یەحیا ڕەسوڵ: هەڵمەتی دەستگیركردنی تیرۆرستانی داعش بەردەوامە

خەڵك

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئۆپراسیۆنەكان بۆ ڕاوەدوونان و لەناوبردنی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا ، سوپا و هێزە ئەمنییەكان و دژە تیرۆری عیراق بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنەكانیان بۆ ڕاوەدوونان و لەناوبردنی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش، لەو چوارچێویەشدا لە ئۆپراسیۆنێكی هێزەكانی دژە تیرۆری عیراقدا لە ناوچەی تاڕمییە لە باكووری بەغدا ، گەورە تیرۆریستێكی داعش دەستگیر كراوە.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئۆپراسیۆنێكی جیادا، دژە تیرۆری عیراق دوو تیرۆریستی تری سەر بە گرووپی داعشی لە ناوچەی (كەرمە) لە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری فەللوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار دەستگیر كردووە، هەروەها لە ئۆپراسیۆنێكی تریشدا هێزە ئەمنییەكانی عیراق، لە سنووری پارێزگای كەركوك تیرۆریستێكیان دەستگیركردووە كە داواكراو بووە و دەستی لە چەندین كردەوەی تیرۆریستیدا هەبووە.