سەردێر

عیراق و هەرێم، زیاتر لە 5800 تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 5813 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 7248 كەسیش چاكبوونەتەوە، 32 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 40 هەزار و 115 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 5813 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتر بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و دیالە و سلێمانی بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 2496 و لە بەسرە 610 و لە دیالە 404 و لە سلێمانی 299 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 299 هەولێر 195، و لە دهۆك 283 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 7248 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و دیالە و میسان و سلێمانی بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 32 كەس بەهۆی پەتاكە.