سەردێر

سەرۆك كۆمار: عیراق ڕووەو سیاسەتی هاوسەنگ هەنگاو دەنێت

خەڵك

سەرۆك كۆماری عیراق و ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كۆبووەوە.

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 4/5/2021 لە كۆشكی بەغدا پێشوازیكرد لە شاندێكی حكومەتی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی برێت ماكگۆرك، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و دیرێك شولیت، ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و جوی هوت، یاردەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ڕۆژھەڵات و خاتوو دانا سترول، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ كاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەبارەت بە دواین گۆڕانكارییەكانی جێی بایەخی هەردوو وڵات لە ناوچەكە و جیھان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.

لەو دیدارەدا گفتوگۆكرا دەربارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەهێزكردنی ئەو پەیوەندیانە لە بوارەكانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ڕۆشنبیری لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بەگوێرەی بەرژەوەندی هاوبەش، ھەروەھا جەختكرایەوە لەگرنگی درێژەدان بەكاری ھاوبەش بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر لە تەواوی ناوچەكەدا.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم جەختیكردەوە عیراق ڕووەو سیاسەتی هاوسەنگ هەنگاو دەنێت لە پێناو كەمكردنەوەی قەیران و گرژییەكان لە ناوچەكەدا، ھاوكات دووپاتیكردەوە بەهێزكردنی ئاسایش و سەروەری عیراق دەبێتە ئامڕازێكی گرنگ و سەكۆیەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی پەیوەست بە بەگژاچوونەوەی تیرۆر و بەهێزكردنی ئاشتی ناوچەكە و بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەكانی ژینگە و هۆكارەكانی گۆڕانی كەش و هەواو و بە بیابان بوون و كاركردن لەسەر پەرەپێدانی وزەی پاك و پاراستنی ژینگە و بەڕێوەبردنی دۆسییەكانی سەرچاوەی ئاو، لە ڕێگەی ھێنانەكایەوەی سیستمێكی كاری ھاوبەشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

لای خۆیەوە شاندی ئەمریكا جەختیانكردەوە لە پابەندبوونی واشنتۆن بۆ پشتیوانیكردن لە ئاسایش و ئارامی و سەروەری عیراق و بەگژاچوونەوەی تیرۆر و بەھێزكردنی ئابووری و درێژەدان بە كار و هەماهەنگی هاوبەش لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات لە تەواوی بوارەكاندا، بەجۆرێك ببێتە مایەیی ھێنانەدی بەرژەوەندییە ھاوبەشەكانی هەردوو وڵات و گەل.