سەردێر

عەلاوی هاوپەیمانییەكی نوێی سیاسی پێكهێنا

خەڵك

ھاوپەیمانییەكی نوێی سیاسی بەناوی بەرەی نیشتمانیی مەدەنی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی لە عیراق پێكھێنرا.

میدیا عیراقییەكان بڵاویانكردەوە، ھاوپەیمانییە نوێیەكە ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی، سەرۆك هۆز و چالاكوانی خۆپیشاندانەكان لەخۆدەگرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە، ئەیاد عەلاوی بە سەرۆكی بەرەی نیشتمانیی مەدەنی ھەڵبژێردراوە”.

هەروەك ئاماژە بەوەشدراوە، بەرەی نیشتمانیی مەدەنیی پەیڕەویی ناوخۆ و بەرنامەی كاری خۆی بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی لە پڕۆسەی سیاسیدا، داناوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە كۆی 33 ھاوپەیمانیی كە لای كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان، خۆیان تۆماركردووە، 13یان خواستی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بە بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا كە بڕیارە لە 10ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت كە تیایدا 25 ملیۆن و 139 ھەزار و 375 دەنگدەر مافی بەشدارییكردنیان لە پڕۆسەكەدا ھەیە.