سەردێر

دەوامی خوێندكاران بەتەواوی ڕادەگیرێت

خەڵك-
هەردوو لیژنەی پەروەردە و تەندروستی لە پەرلەمانی عیراق، داوای ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگەكان و گەڕانەوە بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی دەكەن و وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: “لیژنەی باڵا بڕیار بدات دەوام بەتەواوی ڕادەگیرێت”.

لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عیراق، ڕاسپاردەیەكی بۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی پێشكەش كردووە و داوای ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگەكانی كردووە و داواشی كردووە فەرمان بە وەزارەتی تەندروستی بكرێت ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەركردنی هەمەلایەنەی خوێندن دابنرێت و خوێندنی ئەلیكترۆنی لەم قۆناغە ناسكەدا بەگەڕبخرێت.

هاوكات بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی (الصباح)ی نیمچە فەرمی عیراق، لیژنەی تەندروستی پەڕلەمان هەمان بۆچوونی لیژنەی پەروەردەی هەیە و دۆخەكەی بە مەترسیدار وەسف كردووە و داوای ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن و كەمكردنەوەی دەوامی فەرمانگەكانی كردووە.

هاوكات ڕۆژنامەكە لە زاری وەزارەتی پەروەردەوە بڵاویكردەوە، كە ئەگەر لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بڕیاری ڕاگرتنی دەوام بدات جێبەجێی دەكەن.

لە ئێستادا پڕۆسەی خوێندن لە عیراق بەشێوەی تەناوبە و ژمارەی تووشبووانیش بە كۆرۆنا لە هەڵكشانە، هاوكات لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای زۆری ژمارەی تووشبوون و كردن داوای كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان دەكرێت و ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دوابڕیاری خۆی ڕادەگەیەنێت.

ڕاسپاردەكە دوای زیادبوونی ڕۆژانەی ژمارەی تووشبوان بوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، و تۆماركردنی تووشبوون بوو لە نێوان خوێندكاران و مامۆستایان، وێڕای مەترسی دەركەوتنی جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەشێوەیەكی خێرا و مەترسیدار بڵاودەبێتەوە.