سەردێر

نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی سووتانی نەخۆشخانەكەی بەغدا هاتە دەنگ

خەڵك

نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق ڕایدەگەیەنێت، تووشی سەرسوڕمان بوون و ئازاریان پێگەیشت بەو ڕووداوەی لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا ڕوویدا و دەبێت ڕێگە نەدرێت ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە.

جینین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند:”تووشی شۆك بووین و ئازارمان پێگەیشت لە سەختیی ئەو كارەساتەی شەوی شەممە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا ڕووبەڕووی تووشبووانی كۆڤید-19 بووەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خێزانی كوژراوەكان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەی تەواو و خێرا بۆ بریندارەكان دەخوازم”.

نێردراوی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق داوا دەكات “ڕێكار بگیرێتەبەر بۆ زیاتر پاراستن و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی لەو شێوەیە”.

پلاسخارت جەختی لەوە كردووەتەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوام دەبێت لە پێشكێشكردنی هاوكاری بۆ كەرتی تەندروستی لە عیراق، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ تەشەنەكردنی كۆرۆنا و زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی.

ئەمەش لە كاتێكدایە، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق 3 ڕۆژ ماتەمینی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند و قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوەكەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب دەكاتەوە، دەشڵێت: “ئەوەی ڕوویداوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی عیراقەوە هەیە”.