سەردێر

بۆ جاری دووەم پەرلەمان نەیتوانی كۆببێتەوە

هۆكارەكەی ڕووندەكرێتەوە

خەڵك-
پەرلەمانی عیراق، لە دوایین وەرزی یاسادانان بۆ خولی پەرلەمانی ئێستا، نەیتوانی یەكەم دانیشتنی خۆی سازبكات، ئەمەش بە دووەم شكستی لەو جۆرە لەماوەی هەفتەیەدا دادەنرێت.

بەپێی زانیارییەكان، پەرلەمانی عیراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە نەیتوانی یەكەم دانیشتنی خۆی لە دوایین وەرزی یاسادانان لە خولی چوارەمی پەرلەمان سازبكات، بۆیە سەرۆكایەتی پەرلەمان ناچار بووە دانیشتنەكە بكاتە دانیشتنی گفتووگۆی ئاسایی.

هەر لەو بارەیەوە، مەنار شەدیدی ئەندامی پەرلەمانی عیراق، هۆكاری سازنەكردنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی بۆ تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوان گەڕاندەوە.

بە وتەی مەنار شەدیدی، هۆكاری سازنەكردنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئامادەنەبوونی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتاران بوو، بەهۆی كۆچی دوایی پەرلەمانتار عەدنان ئەسەدی، تا بەشداریی لە مەراسیمی پرسەكەیدا بكەن.

سێ‌ شەممەی ڕابردوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق، بڕیاریدا یەكەم دانیشتنی دوایین وەرزی یاسادانانی خۆی بۆ ئەمڕۆ پێنج شەممە دوابخات.