سەردێر

دەستەی دەستپاكی عیراق: فەرمانی گرتن و بانگهێشتكردنی 58 لێپرسراو دەرچووە

خەڵك

دەستەی دەستپاكی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هەشت فەرمانی دەستگیركردن و 50 فەرمانی بانگھێشتكردن بۆ لێكۆڵینەوە بەتۆمەتی گەندەڵی، بۆ ژمارەیەك لێپرسراو دەركراون و حەوت تۆمەتباریش وڵاتەكەیان جێهێشتووە.


فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی سەربە دەستەی دەستپاكی لە ڕاگەیەنراوێكدا باسی لەوەكردووە، “لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، ھەشت فەرمانی دەستگیركردن و 50 فەرمانی بانگھێشتكردن بۆ لێكۆڵینەوە بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی بۆ ژمارەیەك لێپرسراوی باڵا دەركراون.

ڕوونیشیكردووەتەوە، “فەرمانەكان بۆ ئەندامێكی ئێستا و ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، وەزیرێكی پێشووتر و بریكارێكی پێشووی وەزارەتێك و پارێزگارێكی ئێستا و پارێزگارێكی پێشوو، لەگەڵ 25 بەڕێوەبەری گشتی ئیستا و پێشو، دوو قائیمقام و 22ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەركراون.

دەستەی دەستپاكی ئاشكرای كردووە، حەوت لە تۆمەتبارانی گەندەڵی بەرەو دەرەوەی عیراق هەڵاتوون، لەئێستادا هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەیان و دادگاییكردنیان بەردەوامن.