سەردێر

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق: سزای لەسێدارەدان بۆ پێنج تیرۆریست دەركرا

خەڵك

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق ڕایدەگەیەنێت: “سزای لەسێدەرەدان بۆ پێنج تیرۆریست بەتۆمەتی ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی، دەركراوە”.


نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، دادگای تاوانەكانی كەرخ بەپێی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بۆ گەورە تیرۆریستێكی داعش كە بەشداری لە كۆمەڵكوژییەكەی ئەلبونەمر كردووە و بەھۆیەوە ١٧ كەس كوژراون، دەركردووە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق ڕوونیشیكردووەتەوە:”گەورە تیرۆریستەكە لە تەمووزی ساڵی ٢٠١٣ لە گرتووخانەی ئەبو غرێب ھەڵاتبوو و دواتر لە ساڵی ٢٠١٤دا پەیوەندیی بە داعشەوە كردبوو، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكان، بە پاسپۆرتی ساختە بۆ دەرەوە ھەڵاتبوو، دواجار لەلایەن دەسەڵاتدارانی میسرەوە دەستگیركرابوو و بەپێی ھاوكاریی ئەمنی و ھەواڵگریی نێوان ھەردوو وڵات، ڕادەستی دەسەڵاتدارنی عیراق كرابووەوە”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا باس لەوەكراوە، دادگای تاوانەكانی سەڵاحەددین، بەپێی یاسایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار تیرۆریست بەتۆمەتی بەشداریكردن لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شاری تكریت سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین دەركردووە.

لە ڕاگەیەنراوەكە ئەوەش خراوەتەڕوو كە لە ماوەكانی ڕابردوودا، ئەو چوار تیرۆریستە بەشدارییان لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شاری تكریت-دا كردووە كە بەھۆیەوە كەسێكی مەدەنیی كوژراو و فەرماندەیەكی باڵای ئەمنی لەگەڵ ٣٣ كارمەندی ئەمنی برینداربوون.