سەردێر

د. بەرهەم بۆ باڵیۆزی توركیا: دەستوەردان و دەستدرێژی قبوڵ ناكەین

خەڵك-
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، بە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا ڕاگەیاند، عیراق دەستوەردان و دەستدرێژی قبوڵ ناكات، جەختیشی لە گرنگی كاریی هاوبەش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی كردەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری عیراقەوە بڵاوكرایەیوە”بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لە میانی پێشوازیی لە فاتح یەڵدز باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، ستایشی ڕۆڵی باڵیۆزی توركیای كرد لە عیراق كە ماوەی كارەكەی لە عیراق كۆتایی هات و ڕۆڵی يەڵدزی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەرزنرخاند و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانی داهاتووی”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە چاوپێكەوتنەكەی نێوان د.بەرهەم و یەڵدز، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە هەموو بوارەكان و پاراستنی بەرژەوەندی هەردوو گەلی عیراق و توركیا كرا، پەرەسەندنەكانی ناوچەكەش تاوتوێ‌ كران”.

بەیانننامەكە لە زاری سەرۆك كۆماری عیراقەوە بڵاویكردەوە”عیراق جەخت لەسەر گرنگی چەسپاندنی سەقامگیریی لە ناوچەكە و كەمكردنەوەی تەنگژەكان و بایەخدان بە دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێی وتوێژ دەكاتەوە، دەستوەردان و دەستدرێژی و هەموو ئەو كارانە ڕەتدەكاتەوە كە دەبنە مایەی كەمكردنەوەی متمانە و هەڕەشە لەسەر ئاسایش دروست دەكەن”.