سەردێر

سەرۆككۆمار یاسای بودجەی گشتی عیراقی پەسەندكرد

خەڵك
سەرۆك كۆماری عیراق ڕایدەگەیەنێت، پەسەندكردنی یاسای بودجە بۆ زامنكردنی پێداویستییەگرنگەكانی خەڵك و دابینكردنی شایستەداراییەكانی گشت مووچەخۆران و خانەنشینانی عێراق و هەرێم و خەرجییە پێویستییەكانی حكومەتە.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٠٢١/٤/٨ یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەندكرد و جەختیكردەوە لەپێویستی جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاساكە بەو جۆرەی پەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتیان بپارێزێت و پشتیوانی چاكسازی دارایی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی بكات.

ڕاشیگەیاند، پەسەندكردنی یاساكە بۆ زامنكردنی پێداویستییە گرنگەكانی خەڵكە، هەروەها بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی گشت مووچەخۆران و خانەنشینانی عێراق و ھەرێمی كوردستان و خەرجییە پێویستییەكانی حكومەتە، بەجۆرێك دادپەروەری كۆمەڵایەتی بۆ تەواوی خەڵكی عێراق بهێنێتەدی.

سەرۆككۆمار دووپاتیكردەوە، لەپێویستی جێبەجێكردنی چاكسازی دارایی و ئابووری و پشتیوانیكردن لە كەرتە ئابوورییە جیاوازەكان، تاوەكو پشتیوانی بكات لە گەشەپێدان و پێشكەوتنی وڵاتدا، ھاوكات سەرۆك بەرھەم ئاماژەی بەوەكرد پەسەندكردنی بودجەی گشتی هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی پاراستنی مافە رەواكانی خەڵك و مووچەخۆران.\

جەختیكردەوە، لە پشتیوانی رۆڵی دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجەی گشتی و یەكخستنی هەوڵی ھەمووان بە ئاڕاستەی ھێنانەدی پێداویستییە گرنگەكانی هاووڵاتیان و بونیادنانەوەی عێراق و گرتنەبەری باشترین رێوشوێن بۆ پشتیوانی لە توێژی كەمدەرامەتەكان و رەخساندنی دەرفەری كار بۆ گەنجان و درێژەدان بە چاكسازی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی.

پەسەندكردنی بودجەی گشتی لەلایەن سەرۆك كۆمار دوای ئەوە دێت، كە یاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گەیشتە سەرۆكایەتی كۆمار، پاش ئەوەی دەنگی لەسەر درابوو لە ئەنجومەنی نوێنەران.