سەردێر

ئەعرەجی: هیچ بنكەیەكی سەربازیی بیانی لە عیراق نامێنێت

خەڵك

ئەمڕۆ چوارشەممە گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عیراق و ئەمریكا بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو. ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراقیش ڕایدەگەیەنێت، ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی هیچ بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكی لە عیراق نەمێنێت، “بەمەش هیچ بنكەیەكی سەربازیی بیانی لە عیراق نامێنێت”.

قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ڕایگەیاند، گفتوگۆیان لەبارەی بەرەوپێشچوونی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەڕووی پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرد “ئەمڕۆ پێشكەوتنێكی گرنگ ڕوویدا كە بریتییە لە گۆڕینی سرووشت و شێوازی كاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئەركی ئۆپراسیۆنەوە بۆ كاری ڕاوێژكاری و مەشق و ڕاهێنان كردن، ئەم ڕێككەوتنەش یەكەمجارە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەرفەت بە ئەندامانی تریهاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەدات بۆ كشاندنەوەی هێزە شەڕكەرەكانیان لە عیراق”.

هاوكات لە ڕاگەیەنراوی هاوبەشی ئەمریكا و عیراق لەبارەی گەڕی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژیدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییە بەهێزەكانی نێوانیان كردەوە “شاندی هەردوولا بواری ئاسایش، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بواری ئابووری، وزە و ژینگە، پرسە سیاسییەكان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانیان تاووتوێ كرد”. لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەشداربووە و بەپێی ڕاگەیەنراوە هاوبەشەكە، ئەمریكا و عیراق جەختیان لە هاوبەشیی ئابووریی نێوانیان كردووەتەوە.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان