سەردێر

كۆمسیۆن؛ ژمارەی پارتە داواكار و مۆڵەتپێدراوەكان بۆ هەڵبژاردنی عێراق ئاشكرادەكات

خەڵك
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی پارتە مۆڵەتپێدراوەكان گەیشتووەتە 250 پارت و 110 یان داوای بەشدارییان لە هەڵبژاردن كردووە، دەشڵێت،”ژمارەی ئەو هاوپەیمانییە سیاسییانەی پەسەندكراون بۆ 30 هاوپەیمانێتی بەرزبووەتەوە”.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 5-4-2021 ئامارێكی پارتە سیاسییەكانی بۆ هەڵبژاردنی بڕیاردراوی ئەمساڵ بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، كە ژمارەی ئەو لایەنانەی تا ڕۆژی یەكشەممە مۆڵەتیان پێدراوە گەیشتووەتە 250 پارت، لە نێویاندا 110 پارتیان داواكارییان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن پێشكەشكردووە.

لە ئامارەكەدا هاتووە، ئەو هاوپەیمانییە سیاسییانەی پەسەندكراون بۆ 30 هاوپەیمانێتی بەرزبووەتەوە و هەشتیان داوایان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ پێشكەشكردووە.