سەردێر

لێپرسراوێكی باڵای ئەمنی عیراق لە هەوڵێكی كوشتن ڕزگاری بوو

خەڵك
یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازيی لە وەزارەتی بەرگری عیراق لە هەوڵێكی كوشتن ڕزگاری دەبێت، لە كاتێكدا ئامانجی تەقەكەرەكان نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی عیراق بڵاویكردەوە، عەمید ڕوكن زەید مەكسوسی یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازيی لە وەزارەتی بەرگری لە نزیك پردی دیالە لە باشووری بەغدا لە هەوڵێكی كوشتن ڕزگاری بووە.

ئاژانسەكە ڕوونیشیكردووەتەوە، گرووپێك چەكداری یەكێك لە هۆزەكان بۆسەیان داناوە بۆ سەرۆك هۆزێكی تر كە ناكۆكی كۆن لە نێوانیاندا هەبووە و لە كاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەواڵگری تەقەیان لێكردووە و وایانزانیووە سەرۆك هۆزەكەیە.

ئاژانسی هەواڵی عیراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هەردوولا ڕوویداوە و زەید مەكسوسی بە بێ‌ زیان ڕزگاری بووە، دوای ڕووداوەكەش هێزە ئەمنییەكان 3 كەسیان لە گرووپەكە دەستگیركردووە.