سەردێر

موقتەدا سەدر پرۆژەی چاكسازیی پیشەسازیی و كشتوكاڵی ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، پرۆژەی چاكسازیی پیشەسازی و كشتوكاڵی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، لەڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە دەكرێت لاوانی وڵات بخرێنەگەڕ و سود لە تواناكانیان وەربگرێت.

بەپێی نوسراوێك كە واژۆی موقتەدا سەدرب ڕابەری ڕەوتی سەدری لەسەرە و لە میدیاكانی عیراقدا بڵاوكرایەوە”سەدر پرۆژەی چاكسازیی پیشەسازی و كشتوكاڵی ڕاگەیاندووە كە دەكرێت لەڕێی كارگە نیشتمانییەكانەوە كەرتی پیشەسازی پەرەی پێبدرێت و لەڕێی پشتگیری لە جوتیاران و بەگەڕخستنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و دابینكردنی پێداویستییەكان، كەرتی كشتوكاڵ لە وڵاتدا بوژێنرێتەوە”.

موقتەدا سەدر دەڵێت”دەكرێت لەڕێی چاكسازیی لەو دوو كەرتە گرنگە، هاوردەی دەرەكی ڕابگیرێت و هەلی كار بۆ لاوان بدۆزرێتەوە و بەشێوەیەكی پلەبەندی بەرەو قۆناغی هەناردەكردن هەنگاو بنرێت و ئابوری وڵات بەهێز بكرێت”.

لە كۆتایی نوسینەكەشدا سەدر نوسیویەتی دەكرێت لەڕێی ئەو چاكسازییان، دروستكراوی عیراق، چێنراوی عیراق بهێنرێتەدی”.