سەردێر

پەرلەمانتارێكی پارتی: بودجە تووشی كۆرۆنا بووە

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، پرۆژە یاسای بودجە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و لەئێستادا بە ڕەوشێكی ناخۆشدا تێدەپەڕێت و لەنێوان چاكبوونەوە یان مردن و خنكاندندایە.

میدیاكانی عیراق لە زاری خالیدە خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق بڵاویانكردەوە”بودجە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و لەو نەخۆشە دەچێت كە بەدەست تەنگەنەفەسییەوە دەناڵێنێت و لە بارێكی خراپدایە”.

بە وتەی خالیدە خەلیل”یان بودجە چاكدەبێتەوە و بە تەوافوق تێدەپەڕێنرێت، یان دەمرێت و دەخنكێت، لەكاتێكدا چاوەڕوانی تەوافوق بوین لەپێناو بەرژەوەندی وڵات و گەیاندنی بە كەنارە ئارامەكان و چارەسەركردنی دەمارە هەوكردووەكان كە خۆیان لە كەمی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانكردنەوەی شارەكان و بەتایبەت شارەكانی ناوەڕاست و باشووردا دەبینێتەوە كە خەلكەكەمان لەو شوێنانە بەدەست ئەو كەموكوڕییەوە گیرۆدەن”.

بەهۆی ناكۆییە بەردەوامەكان لەسەر ماددەكانی، پەرلەمان لەماوەی ڕابردوودا شكستخواردوو بوو لە سازدانی دانیشتنێك بۆ دەنگدان لەسەر بودجە.