سەردێر

لەسەر ئاڵا، ئەردەن داوای لێبوردن لە بەغدا دەکات

خەڵک

دوای دانانی ئاڵای سەردەمی فەرمانڕەوایی سەدام حسێن سەرۆکی لەسێدارەدراوی عێراق، لەمیانی کۆبوونەوەی هەماهەنگی سێ لایەنەی نێوان(ئەردەن، میسر، عێراق) لەعەممانی پایتەخت، ئەو وڵاتە بەفەرمی داوای لێبوردنی له عێراق کردوو ڕایگەیاند؛ دانانی ئەو ئاڵایە هەڵەیەک بووە هیچ مەبەستێکی لەپشتەوە نەبووە.

 

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەردەندا هاتووە؛ بەهەڵەیەکی پرۆتۆکۆلی لە میانی کۆبوونەوەی هەماهەنگی نێوان(ئەردەن، میسر، عێراق) پەیوەست بە سەرخستنی کاری هاوبەش، بەتایبەتی لە ڕووی ئابووریەوە، لە دیدارەکەی عەمماندا ڕوویداوە کە ئاڵای عێراقی سەردەمی سەدام دانراوە و ئەوە جگە لەهەڵەیەک هیچی دیکە نەبووە.

 

وەزارەتی کشتوکاڵی ئەردەن دەڵێت؛ جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ئەردەن ڕێز لەبژاردەی گەلی عێراقی برا دەگرێت و پشتگیرییان دەکات بۆ عێراقێکی بەهێز.

 

داوای لێبوردنی ئەردەن هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی محەمەد ئەلخەفاجی وەزیری کشتوکاڵی عێراق داوای لەو وڵاتە کرد داوای لێبوردن بکات بەرامبەر دانانی ئاڵای پێشووی عێراقی سەردەمی سەدام حسێن لەکاتی واژووکردنی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی ئابووری لەگەڵ هاوتا ئوردنیەکەی لەعەممان.

 

ڕۆژی چوارشەممە عەممانی پایتەختی ئەردەن میوانداریی کۆبوونەوەی هەماهەنگی سێ لایەنەی نێوان ئوردن و میسر و عێراقی کرد بۆ سەرخستنی هاوکاری هاوبەشی نێوانیان بەتایبەتی لە لایەنی ئابورییەوە بۆ پرسەکانی پیشەسازی، بازرگانی ، کارەبا، نەوت ، نیشتەجێبوون ، کشتوکاڵ و گواستنەوە .

 

پاش پێنج ساڵ لە نەمانی دەسەڵاتداری سەرۆکی پێشووتری عێراق، عێراق لە ساڵی 2008 دا ئاڵایەکی نوێی دیاریکرد.

 

ئاڵای ئێستای عێراق، رەنگە سەرەکییەکانی خۆی، سوور، سپی و رەش لەخۆ دەگرێت لەگەڵ نوسراوێک بە ناونیشانی (الله اکبر) و سڕینەوەی ئەو سێ ئەستێرەیەی، کە هێمای یەکگرتن و ئازادی و سۆسیالیزم بوو، کە سێ ئامانجی حزبی بەعسی سەردەمی سەدام بوو.