سەردێر

موقتەدا سەدر داوای سزادانی “ربع الله” دەكات

خەڵك-
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر، باس لە نمایشە چەكدارییەكەی بزوتنەوەی “ربع اللە” دەكات لە بەغدای پایتەخت و داوا لە حەشدی شەعبیش دەكات خۆی لەو بزوتنەوەیە بێبەری بكات یان سزای بدات.

بەپێی تویتێك كە لەلایەن سەدرەوە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاوكرایەوە”یەكێك لە میلیشیكان پەنای بردە بەر نمایشی چەكداری و بڵاوبوونەوەی چڕ لە پایتەخت، ئەمەش لەپێناو داواكارییەكانی وەك خەرجی دۆلار”.

بە وتەی ڕابەری ڕەوتی سەدر”پەنابردنە بەر چەك بۆ هێنانەدی داواكارییەكان ڕەتدەكرێتەوە و پێویستە حكومەت ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگرێت، ئەو لایەنەی نمایشەكەشی كرد، گەر سەر بە حەشدی شەعبییە، پێویستە حەشد سزای بدات، یان خۆی لێبێبەری بكات”.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە، بزوتنەوەیەك بە ناوی “ربع اللە” لە بەغدای پایتەخت نمایشی چەكداری كرد و بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا پیرۆزبایی لە هەڵگرتنی چەك بەڕووی ئەمریكا كرد و هۆشداریشیدا لە كەمنەكردنەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكایی.