سەردێر

كازمی: لوتكەی باڵای نێوان عیراق و میسر و ئوردن لەبەغدا بەڕێوەدەچێت

خەڵك

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، خەریكە وڵاتەكە دەبێتە ناوەندێكی دیپلۆماتی گرنگ لە ناوچەكەدا و بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوەكرد، كە كۆنگرەی لوتكەی باڵای نێوان عیراق و میسر و ئوردن لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

لەمیانی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند: بزاوتێكی دیپلۆماتی فراوان لە عیراق دەستیپێكردووە، وتیشی: كۆنگرەی لوتكەی باڵای نێوان عیراق و میسر و ئوردن لەبەغدا بەڕێوەدەچێت، بەردەوام سەردانی گرنگ بۆ وڵات دەكرێت.

كازمی وتیشی: وا خەریكە خاكی عیراق دەبێتە ناوەندێكی دیپلۆماتی گرنگ بۆ سەركردەی بەشێك لەوڵاتان لەپێناو ئەوەی عیراق بە ڕۆڵی سەرەكی خۆی هەڵسێت بۆ خزمەتكردن بە بەرژەوەندییەكانی وڵات و گەلی عیراق، لێبڕاوانە كار بكرێت تا عیراق ڕۆڵی گرنگی لەهێمنكردنەوەی ناوچەكەدا هەبێت.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا كازمی باسی لەوەكرد، بەرزبوونەوەی نرخی هەندێك لەپێداویستییە خۆراكییەكان كە لەناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن، هەوڵێكە لەلایەن هەندێك بازرگانی نەفس نزمەوە دەدرێت بۆ تێكدانی دۆخی كۆمەڵایەتی و قۆستنەوەی ئەو ئارەزووەی هاووڵاتیان هەیانە لەسەر بەرهەمە خۆراكییە خۆماڵییەكان و نزیكبوونەوەی مانگی ڕەمەزان.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریكردن لەیاریكردن بەبژێوی هاووڵاتیان و كۆتایی هێنان چاوچنۆكی هەندێك بازرگان و بەدواداچوونی بازاڕ، ڕوونیشی كردەوە كەڕێنمایی داوە كە هەموو پشتیوانییەك پێشكەش بە وەزارەتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵی بكرێت تا بەوپەڕی تواناوە كاربكەن بۆ دابینكردنی ئارد، ڕێگەنادەین بەبیانووی نابەجێ نرخی ئارد بەرزبكرێتەوە و بەدواداچوون بۆ سەرپێچیكەران دەكەین.