سەردێر

فەتح هەڕەشە دەكات: بەبێ‌ كوردیش بودجە تێدەپەڕێنین

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح ڕایدەگەیەنێت، دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، ئاماژە بە هەوڵی هەندێك لایەنی كوردیش دەكات كە بە بۆچوونی ئەو “دەیانەوێت هەڵوێستی خۆیان بەسەر هێزە سیاسییەكاندا زاڵ بكەن”.


موختار موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دواكەوتنی داڕشتنی یاسای بودجە كاریگەریی نەرێنی زۆری بۆسەر هاووڵاتیان و دامەزراوەكانی دەوڵەت هەبوو، نەشیاویشە ڕەوشەكە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، كورد دەیەوێت هەڵوێستی خۆی بەسەر هێزە سیاسییەكاندا زاڵ بكات، ئەمە مایەی قبوڵ نییە”.

بە وتەی موسەوی”هێزە كوردستانییەكان پێویستە تەماشای بەرەژوەندی وڵات بكەن، نەك بەرژەوەندی سیاسی و تایبەت”، تۆمەتباریشی كردن بە تەگەرەخستنە بەردەم تێپەڕاندنی پرۆژەكە لەم ماوەیەی ئێستا.

ئەو پەرلەمانتارەی فەتح دەڵێت”دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان یەكلایی كەرەوە دەبێت سەبارەت بە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە، ئیتر كورد ئامادە بێت یان نا”، هیواشی خواست بەر لە سازدانی دانیشتنەكە هەموان بگەنە ڕێكەوتنێكی دادپەروەرانە.

بەهۆی بوونی ناكۆكی لەسەر هەندێك لە بەندەكانی، پەرلەمانی عیراق دانیشتنی دەنگدانی لەسەر بودجەی 2021 بۆ شەممەی داهاتوو دواخست.