سەردێر

حكومەتی عیراق بڕیارێكی دەربارەی ڤیزە دەركرد

خەڵك-

حكومەتی عیراق لەپێناو هاندانی وەبەرهێنان بڕیاریدا لێخۆشبوونی ڤیزە بداتە هاووڵاتیانی 37 ولاتی جیهان و وەزارەتی ناوخۆ ڕایددەگەیەنێت، لە 15ی ئەم مانگەشەوە بڕیارەكە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لیوا خالید موحەننا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی ڕایگەیاندووە، حكومەتی عیراق بڕیاری لێخۆشبوونی ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی 37 وڵاتی جیهان دەركردووە لەكاتی هاتنە ناو خاكی عیراقەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیارەكەی حكومەت بە مەبەستی هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و پاڵپشتیكردنی ئابووری وڵاتە و بازرگان و كۆمپانیاكانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەكێتی ئەوروپا و هەریەك لە وڵاتانی ژاپۆن و كۆریای باشوور و كەنەدا و ئوسترالیا و نیوزلەندا و سویسرا دەگرێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشكراشی كردووە، ئەو بڕیارە لە 15ی ئەم مانگەوە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دەشڵێت: “بەڕەچاوكردنی بارودۆخی تەندروستی و لەچوارچێوەی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، هەركەسێك سەردانی عیراق بكات پشكنینی كۆرۆنا و ڕێكارە تەندروستییەكانی بۆ ئەنجام دەدرێت”.