سەردێر

سادیقون بۆ (خەڵك): لەگەڵ جیابوونەوەی هەرێمی كوردستاندا نیین

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی (سادیقون)ی سەر بە عەسائيبی ئەهلی حەق، ڕەتیدەكاتەوە لەگەڵ جیابوونەوەی هەرێمی كوردستاندا بن لە عیراق و بانگەشە بۆ هەنگاوێكی وەها بكەن و دەڵێت”ئەوان لەگەڵ یەكێتی خاكی عیراقدان لە زاخۆوە بۆ فاو”.

فازل فەتلاوی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”هەڵوێستی فەرمی ئەوان دژ بە جیابوونەوەی هەرێمی كوردستانە لە عیراق و لەگەڵ یەكێتی خاكی عیراقدان كە لە زاخۆوە تا فاوە”.

بە وتەی فەتلاوی”ئەوان لەگەڵ كورد، خەباتی هاوبەش دژ بە ڕژێمی دیكتاتۆری لەناوچووی بەعس و ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كۆیان دەكاتەوە، جگە لەوەی هاوبەشە لە نیشتمان، كورد پێگەیەكی گرنگی لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە و بەڕێزەوە تەماشای پێگەی كورد دەكەن”.

ئەم لێدوانەی فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عیراق، لە كاتێكدایە كە هەندێك لە میدیاكان ئاماژەیان بە تویتێكی سامر زیبان، پەرلەمانتاری هەمان فراكسیۆن كردبوو لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) كە گوایە داوای جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان دەكات و پێى باشە هەرێم لە عیراق جیاببێتەوە.