سەردێر

هاوپەیمانییەكەی عامری وەڵامێكی جیاوازی هەیە بۆ بانگەوازەكەی كازمی

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت، بەشێوەیەكی جیاواز وەڵامی بانگەوازەكەی مستەفا كازمی سەرۆۆك وەزیران دەداتەوە بۆ دیالۆگی نیشتمانی كە لەلایەن زۆرێك لایەنە سیاسییەكانەوە پشتیوانی لێكرا و دەڵێت”بێ‌ سودە پێش هێنانەدی سەروەریی تەواوەتی و چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عیراق”.

ئەمڕۆ چوار شەممە، هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرانبەر بە “دیالۆگێكی نیشتمانی ڕاستەقینە، بەڵام لەو بڕوایەدایە كە دیالۆگە نیشتمانییەكان بێ‌ سودن، بەر لە هێنانەدی سەروەریی نیشتمانی تەواوەتی و چوونەدەرەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەكان”.

هەر لە بەیاننامەكەی فەتحدا هاتووە”باشتر بوو لەم قۆناغەدا حكومەت چارەسەر بۆ كێشە ئابورییەكان پێشكەش بكات و شكۆ بۆ دەوڵەت بگێڕێتەوە و ئاسایش بچەسپێنێت و خزمەتگوزاریی سەرەكی پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات و زەمینەسازی تەواوەتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات”.

مستەقا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 8ی ئەم مانگەدا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد، دیالۆگێكی نیشتمانی كراوە و ڕاشكاوانە لەبەر بنەمای بەرژەوەندی و ئاسایش و سەروەریی وڵات ئەنجام بدەن.

هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان، خۆشحاڵییان بەرانبەر بەو بانگەوازە دەربڕی، لەپێش هەموانەوە موقتەدا سەدر كە بەپێویستی زانی لەژێر سەرپەرشتی نێونەتەوەییدا بێت و حزبی بەعس و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان لە بەشداریی تێیدا بەدەربكرێن.