سەردێر

“ئەمریكا ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی دەكات”

خەڵك

ئەندامێكی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بەنیازن هێرشی سەربازی دژی حەشدی شەعبی و وڵاتانی دراوسێی ئێران ئەنجام بدەن.


محەمەد بەلداوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: زانیارییان پێگەیشتووە هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، دەستیانكردووە بە تاقیكردنەوەی مووشەكیی و هێزەكانیشی لە عیراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

محەمەد بەلداوی وتیشی: ئەو چالاكییانەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی فراوان ئامادە دەكات.

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح داواشی لە حكومەتی عیراق كرد، بە زووترین كات ڕوونكردنەوەیەك لە بارەی چالاكییەكانی هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد، بڵاوبكاتەوە و ئەوەشی خستەڕوو: نابێت حكومەتی عیراق ڕێگە بە ئەمریكا بدات هیچ كردەوەیەكی سەربازی دژی حەشدی شەعبی و وڵاتانی دراوسێی عیراق ئەنجام بدات.