سەردێر

پاپا كۆتایی بە سەردانەكەی دەهێنێـت

خەڵك-

ئەمڕۆ دوو شەممە دوای 3 رۆژ مانەوەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان پاپا فڕانسیس پاپای ڤاتیكان كۆتایی بە سەردانە مێژووییەكەی دەهێنێت.

پاپای ڤاتیكان پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی بەسەردانێكی مێژوویی گەیشتە بەغدا، لە وێ لەگەڵ سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی باڵای عێراقدا كۆبووەوە.

دووهەم رۆژی سەردانەكەی پاپا بریتی بوو لەسەردانكردنی شاری نەجەف و كۆبوونەوە لەگەڵ رێبەری شیعەكانی عێراق عەلی سیستانی.

هەمان رۆژ پاپا سەردانی پارێزگای زیقاری كرد لەوێ لە شاری ناسریە شاری مێژوویی ئووری بەسەر كردەوە.

لە سێهەم رۆژی سەردانەكەیدا پاپا بەیانی دوێنێ گەیشتە هەولێر لەوێ لە فڕۆكەخانە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە.

دواتر پاپا سەردانی شاری موسڵ و چەند شوێنێكی دیكەی پارێزگای نەینەوای كرد لەوێ لەگەڵ مەسیحییەكانی نەینەوادا كۆبووەوە.

پاشنیوەڕۆش گەڕایەوە شاری هەولێر لەوێ لە یاریگای فڕانسۆ هەریری بەشداری رێوڕەسمێكی كرد بە بەشداری دەیان هەزار كەس و بەرپرسانی باڵای هەرێم.

بڕیارە پاش كەمێكی دیكە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە پاپا بگەڕێتەوە ڤاتیكان.

سەردانەكەی پاپا بریتی بوو لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی، بەسەركردنەوەی مەسیحییەكانی عێراق دوای ئەو نەهامەتییانەی بەسەریاندا هات.