سەردێر

عیراق.. لیژنەیەك بۆ كشانەوەی هێزە بیانیەكان پێكهێنراوە

خەڵك

لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردەوە: لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ ڕێكخستنی كاتی كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە وڵات.

گاتع ڕوكابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند: قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی دووپاتی كردووەتەوە: بەڕێككەوتن لەگەڵ حكومەت لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دانانی بڕیاری كۆتایی لەبارەی خشتەی كشانەوەی هێزە بیانییەكان و هێزەكانی ئەمریكا لەوڵات وەك جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەوبارەیەوە.

گاتع ڕوكابی ئاماژەی بەوەشدا: ئەو لیژنەیە ڕاسپێردراوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی كە خشتەی كاتی كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە تەواوی ناوچەكانی وڵات لەخۆبگرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕوونیشی كردەوە: لیژنەكە هەڵسەنگاندن دەكات بۆ توانای هێزە عیراقییەكان لەڕووی كۆنتڕۆڵكردنی ئاسایش و كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە سنوورییەكان و ڕێگری لەپەلامارە تیرۆریستییەكان لەگەڵ هەڵسەنگاندنی توانای هەواڵگریی عیراقی و ڕادەی چالاكی لەئاشكراكردنی كردەوە تیرۆریستییەكان بەبێ پشت بەستن بەهێزی بیانی.