سەردێر

سیستانی کێ یە؟

خەڵک

هەرچەندە ئەو لە دایک بووی ئێرانە بەڵام 70 ساڵە لەعێراقدا دەژی، قورساییەکی ڕۆحی گەورەی لەسەر شیعەکانی عێراق و جیهان هەیە و کاریگەرییە سیاسییەکەشی لە عێراقدا هاوتای زاڵبوونە ڕۆحییەکەیەتی.

عەلی سیستانی سەرۆکی حەوزەی زانستی لە نەجەف کێیە و بوونی چ هێزو کاریگەرییەکی هەیە؟

سیستانی لە دایکبووی ساڵی 1931 شاری مەشهەدی ئێرانە، ماوەی 70 ساڵە لە عێراق ژیاوە، لە ساڵی 1951ەوە لە عێراق نەجەف نیشتەجێیە، عەلی سیستانی بەرچاوترین زاناو شیعەگەری عێراقە و سەرۆکی حەوزەی زانستی نەجەفە، ئەو قوتابخانە ئاینیەی کە تێیدا فێری ( زانستەکانی فیقهو شەریعەت) دەبیت.

زانای بەناوبانگ سەید محمد باقر، لەلایەن حەوزەی زانستی ئاینی قوم، بەتیروپشک دەبێتە باوکی سیستانی، دایکیشی کچی سەید ڕەزا میھرەبانی سەرابی یە، لەبەر ئەوەی (سیغە) لە مەزهەبی شیعەدا پاداشتیکی زور گەورەی ئاینی ھەیە، دایکی سیستانی چەندین جار هاوسەرگیری سیغەی کردووە.

لەو پیاوانەی کە بە سیغە دایکی سیستانی شووی پێکردبوو‌ن زاناو فەقیھی گەورە سەید محمد کوھەکمری، ئایەتوڵڵا میرزا محمد مەھدی ئەسفەھانی، سەید محمد باقر.

سیستانی ھەر لە منداڵییەوە لە تەمەنی پێنج ساڵی دەستی بە خوێدنی ئاینی کردووە، لە ساڵی 1941 دەستی بە خویندن کردووە لە حەوزەی زانستی ئاینی لە قوم.

لە ساڵی 1951 شاری قوم جێدەھێڵێت و دەچێتە شاری نەجەف.

لە ساڵی 1961 دەچێتە مەشھەد، دوای ساڵێک دەگەرێتەوە شاری نەجەف.

سیستانی لەشوێنکەوتووانی مەزهەبی دوازدە ئیمامەکەی شیعەیە، نازناوی ئایەتوڵای گەورەی هەیە.

بیست ساڵ لەمەوبەر، سیستانی لەسەر شانۆی سیاسی عێراق، بۆ یەکەمجار دەرکەوت، تەنانەت پێش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێنیش، بەهۆی قورسایی ئایینی و کولتوورییەوە لە هۆشی عێراقییەکاندا، کاریگەریی سیاسیی بەهێزی هەبوو، بەڵام دەرکەوتنی کاریگەری ئەم کەسایەتییە بۆ دوای ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە.

لە ساڵی 1979 ەوە تا ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 دا ، شیعەکان بە دەست رژێمی بەعسەوە دەیانناڵاند، ئەگەرچی نوێنەرایەتی زیاتر لە سەدا 60ی عێراقییەکانیان دەکرد، کاریگەرییە ڕۆحی و سیاسییەکەی سیستانیی لە نەهامەتییەکانی شێعەی عێراقی کەمنەکردەوە، تا کات گەیشتە ئەو بارودۆخە دژوار و بۆشاییە سیاسییەی لەعێراقدا دوای ڕوخانی سەدام هاتە ئارا و ناچاری کرد، بەڕاوێژ لەڕێگەی نوێنەرەکانییەوە، ببێتە ئەکتەری نێو شانۆی سیاسی عێراق و کەسایەتییەکی دیاری سەر گۆرەپانەکە.

سیستانی لە ساڵەکانی 2005 و 2014 دا دووجار بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید کراوە .

ئەمڕۆ سیستانی تەمەنی 90 ساڵەو ڕەنگە چیتر نەتوانێت بەهۆی زۆری تەمەنییەوە درێژە بە ئەرکەکانی بدات، وەک ڕابەرێکی رۆحی شیعەکان و گەورە مەرجەعێک.

رۆژی 6-3-2021 بەیەکێک لە ڕۆژە مێژوویەکانی سیستانی ئەژمار دەکرێت، کاتێک لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دیداری هەیە و لەسەردانێکدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان پاپا بە گرنگییەوە لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەکان کۆدەبێتەوە و دیدەنی دەکات.