سەردێر

پاپا بەرەو عێراق بەرێكەوت

خەڵك-

كەمێك لەمەوبەر پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان بەرەو عێراق بە رێكەوت.

ئەمڕۆ هەینی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان بە سەردانێكی مێژوویی دەگاتە عێراق و لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا دەچێتە هەرێمی كوردستانیش.

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان لە تویتێكیدا لە تویتەر نووسی كە ئەمڕۆ‌ بەرەو عیراق بەڕێدەكەوێت.

پاپا دەڵێت: بەرەو عیراق بەڕێدەكەوم لە گەشتێك كە سێ‌ ڕۆژ دەخایەنێت، دەمێكە خواستم بوو چاوم بەو گەلە بكەوێت كە چەرمەسەری زۆری بەسەرداهات.

پاپای ڤاتیكان دەڵێت: داواكارم بە نوێژ هاوشانم بن لەو سەردانە، تا بە باشترین شێوە ئەنجام بدرێت و ئاكامی چاوەڕوانكراوی هەبێت.

هاوكات لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ پێشوازی كردن لە پاپا و لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایگەیاند، تەواوی ئامادەكارییەكانی ئەنجامداوە بۆ پێشوازی لە پاپا فرانسیس.

ئەم سەردانە لە حاڵێكدایە كە چەندین هێرشی تیرۆرستی و مووشەكی لەلایەن گروپە تیرۆرستییە توندڕۆكانی داعش و میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێرانەوە لە هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق ئەنجامدراون.

دەنگوباس هەبوو كە پاپا سەردانەكەی بۆ عێراق دوابخات بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنییەوە، بەڵام لە لێدوانەكانیدا پاپا سوور بوو لەسەر سەردانەكەی بۆ عێراق.

ئامانج لە سەردانە مێژووییەكەی پاپا بۆ عێراق دووپاتكردنەوەی پێكەوە ژیان و ئاشتییە، وێڕای بەسەركردنەوەی مەسیحییەكانی عێراق كە لە دوای 2003وە دووچاری دەردەسەری زۆر بوونەتەوە و زۆرێكیان عێراقیان جێهێشتووە.