سەردێر

كەعبی: دەنگ بە بودجە نادەین

خەڵك
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، دەنگ بە پڕۆژە بودجەی 2021 نادەن، ئەگەر بڕی پارەی زیاتر بۆ پارێزگای زیقار و پارێزگا هەژارەكانی تر تەرخان نەكرێت.


نووسینگەی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، حەسەن كەعبی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارێزگای زیقار، وەزیرانی دارایی، پلاندانان، كارەبا، تەندروستی، نەوت، كشتوكاڵ، ئاوەدانكردنەوە و شارەوانییەكان، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەتەوە و جەختی لەسەر گرنگیی دامەزراندنی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای زیقار كردووەتەوە و بە پێویستییەكی سەرەكیی ناوبردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمە هەنگاوی یەكەمە بۆ ئەو پارێزگایانەی بەدەست كەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی ژێرخانەوە دەناڵێنن”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “كۆبوونەوەی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، مەبەستی سیاسیی لەپشتەوە نییە، بەڵكو بۆ تاووتوێكردنی ڕێگەكانە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە وەستاوەكان و چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی پارێزگای زیقار”.

داواشی لە پەرلەمانتارانی پارێزگاكە كرد، بەپەلە پەیوەندی بە دانیشتووانی پارێزگاكەوە بكەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە جێبەجێكارەكان بكەن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی دانیشتووانی پارێزگاكە.

جێی ئاماژەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا جارێكی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی پارێزگای زیقاری گرتەوە و بە هۆیەوە لانیكەم پێنج كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 300 كەسیش برینداربوون، كە نیوەی سەر بە هێزە ئەمنییەكان.