سەردێر

زیاتر لە پێنج هەزار تووشبووی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 5043 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 3396 كەسیش چاكبوونەتەوە، 24 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 45 هەزار و 235 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 5043 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە نەجەف و دیوانیە بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1725 و لە بەسرە 972 و لە نەجەف 465 و لە دیوانیە 275 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 46 هەولێر 114، و دهۆك 42 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 3396 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و كەربەلا و نەجەف و بەسرە بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 22 كەس بەهۆی پەتاكە.