سەردێر

یەكەم لێدوانی كازمی لەسەر بۆردومانەكەی عەین ئەسەد

خەڵك-
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو گروپانەی لە پشت بۆردومانەكەی ئەمڕۆی بنكەی عەین ئەسەدەوەن، سەر بە عیراق نیین و دەیانەوێت زیان بە پێشكەوتنی وڵات بگەیەنن.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی ڕۆژنامەوانی كازمییەوە بڵاوكرایەوە”سەرۆك وەزیران لە میانی سەركردایەتیكردنی بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاندووە، ئەو گروپانەی لە پشت هێرشەكەی ئەمڕۆی عەین ئەسەدەوەن، سەر بە عیراق نیین و زیان بەو پێشكەوتنانە دەگەیەنن كە وڵات هێناویەتییەدی لەڕووی تێپەڕاندنی تەنگژەی ئابوری و گەشەكردن و هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیریی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی”.

بە وتەی كازمی”دەزگا ئەمنییەكان ڕێنمایی ڕوویان پێدراوە كە دەبێت هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە لەدژی ئەو گروپانە بگرنەبەر، ئیتر سەر بە هەر كەس لایەنێك بن، چونكە هەر لایەنێك پێیوابێت لە سەرو دەوڵەتەوەیە و توانای ئەوەی هەیە ئەجێنداكانی بەسەر عیراق و ئایندەی گەلەكەیدا بسەپێنێت، بەهەڵەدا چووە”.

ئەمڕۆ چوار شەممە بنکەی عەین ئەسەدی سەربازی ئەمریکایی لە لە پارێزگەی ئەنبار بە ژمارەیەك مووشەك بۆردوومانکرا، بەڵام تائێستا زانیارییەكان لەبارەی ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردومانەكەوە كەوتوونەتەوە نەخراونەتەڕوو.