سەردێر

نزیكەی 3600 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 3599 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 3708 كەسیش چاكبوونەتەوە، 22 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 35 هەزار و 578 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 3599 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە نەجەف و دیوانیە بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1390 و لە بەسرە 525 و لە نەجەف 278 و لە دیوانیە 230 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 56 هەولێر 85، و دهۆك 56 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 3708 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و كەربەلا و نەجەف و زیقار بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 22 كەس بەهۆی پەتاكە.