سەردێر

تائێستا 105 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە

عێراق؛ وڵاتی گۆڕی بەکۆمەڵ

خەڵک

کاربەدەستێکی عێراقی دەڵێت؛ کۆی گشتی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە تا ئێستا لە عێراق هەڵدراونەتەوە، 105 گۆڕن، هاوکات دەشڵێت ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سەروەختی سەدام تا داعش 210 گۆڕی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرن.

کازم عوبێد، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان لە عێراق، رۆژی شەممە (27ی شوبات) بە رۆژنامەی (الباح) ی زمانحاڵی فەرمی حکومەتی راگەیاندووە:”سێ جۆر گۆڕی بەکۆمەڵ هەن کە بەشی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پاراستنیان کاریان لەسەر دەکەن، ئەویش ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە لەدوای ڕژێمی پێشوو بەچێماون، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دوای 2003، هەروەها ئەو گۆڕانەی کە لەدوای ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە بەجێماون”.

 

کازم عوبێد وتیشی:”ئەو شوێنانەی کە ڕژێمی پێشوو بەجێی هێشتبوون و لەلایەن تیمەکانی بەشی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پاراستنەوە دیاریکران ژمارەیان 98 گۆڕ بوو، کە تەنها 76 یانهەڵدراونەتەوە، هاوکات ژمارەی ئەو شوێنانەش کە چەکدارانی داعش بەجێیان هێشتبوون 112 شوێن بوون، لەو ژمارەیە 29 یان هەڵدراونەتەوە”.

ئاشکراشیکرد:”کۆی ئەو ڕوفاتانەی کە لەو گۆڕانە ساغکراونەتەوە 6393 کەس بوون و ژمارەیەک گۆڕیش هەن کە تا ئێستا نەخراونەتە ناو پلانی دامەزراوەی شەهیدانەوە، هەروەها چەندین شوێنی نەدۆزراوە گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە هەن، کە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەشی پزیشکی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ ونبووەکان کار بۆ دۆزینەوەیان دەکرێت تا چارەنووسی ئەو ونبووانە ئاشکرابن، کە لەئەنجامی شەڕ و نەهامەتی و کردەوە تیرۆریستییەکان ڕوویانداوە”.

 

ئەو بەرپرسه دەڵێت :”لە دۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ئاستەنگی زۆریان بۆ دێتە پێش، لەوانە نەبوونی تەرخانکردنی بودجە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان، هەروەها تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەختیی ڕێکارەکانی خۆپارێزی  لەنێوان پارێزگاکاندا، کاری ئەوانی قورس کردووە بەڵام هەر لە کار بەردەوامن”.